زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە و پاڵپشتیکردن لە مانگرتنی ٦١ ژنەزیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانی ئێڤین بۆ «دەنگهەڵبڕین لە بەرانبەر لەسێدارەدان و ڕاگرتنی لەسێدارەداندا»، ڕایگەیاند کە ئەویش لەگەڵ ئەم بانگەوازەدا مان لە خواردن دەگرێت.

کەسێکی نزیکی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «سەرەڕای ئەوەی زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد لە دۆخی ئیزۆلەدا ڕاگیراوە و بەربەستی زۆر قورس خراوەتە سەر پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی، بەڵام ئەمڕۆ دوای بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لە چەند مانگی ڕابردوودا و وەک پاڵپشتییەک لە خواستی جەماوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا، ڕایگەیاند کە ئەویش ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانڤییە) لەگەڵ ٦١ ژنی زیندانیی سیاسی و مەزهەبیدا، لە زیندانی یەزد مان لە خواردن دەگرێت».

ڕۆژی ڕابردوو لاپەڕەی ئینستاگرامی نەرگس محەممەدی ڕایگەیاندبوو کە ٦١ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی ژن بە مەبەستی «دەنگهەڵبڕین لە بەرانبەر لەسێدارەدان و ڕاگرتنی لەسێدارەداندا» ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانڤییە) مان لە خواردن دەگرن.