لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، لانیکەم ٧ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد بە ناوەکانی هێرۆ قەدیمی، تاهیر سوڵتانی، ئەحمەد موعەزێز، ئومید تووتی، قادر فەتحوڵڵاهی، حەسەن چاکوچ و حسەین چاکوچ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سەقز و بۆکان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هێرۆ قادری, چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) وەرزشکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی تاهیر سوڵتانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا لە شاری سەقز دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبەر) ٥ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ئەحمەد موعەزێز، ئومید تووتی، قادر فەتحوڵڵاهی، حەسەن چاکوچ و حسەین چاکوچ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،لە مانگی ڕابردوودا (گەلاوێژ) لانیکەم ٨٥ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.