لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی سەمیرا ئەحمەدی، ئیسماعیل بەرخورداری، کووروش عەبدی و ئومید کەریمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سێپتامبەر) سەمیرا ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لە شەقامی فیردەوسیی ئەم شارە و لە حاڵێكدا كە بە ئۆتۆمبیلەکەی تێدەپەڕی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاگیراوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) ٣ هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئیسماعیل بەرخورداری، کووروش عەبدی و ئومید کەریمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ئیسماعیل بەرخورداری، شۆفیری تەکسی لە نێوان دیواندەرە و سنەدا و کووروش عەبدی، ئەندازیار لە پاڵاوگەی ئاوبەندی «سیازاخ»ی دیواندەرە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەیاندا دەستبەسەر کراون. ئومید کەریمییش دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٤٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.