بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) بە دەیان ئەندامی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر ماڵێک لە نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهاباد و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکانی ئەم ماڵە، لانیکەم ٢ چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەهاباد وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) زیاتر لە ٦٠ کەسی چەکداری سەر بە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران گەمارۆی کۆڵانێکی نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهابادیان دا و دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵی هاووڵاتییەکیان شکاند و لانیکەم ٢ چالاکوانی کوردیان بە ناوەکانی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە دەستبەسەر کرد.»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەدا بە قورسی ئەم دوو چالاکەیان بە قۆنداغی تفەنگ ئەشکەنجە کردووە، بە شێوەیەک کە هەردووکیان تووشی خوێنلێچوونی بەرچاو بوون.

ئەشکان فەهیم، نووسەر و ڕەزا ئەندێشە، چالاکی مەدەنی، هەردووکیان خەڵکی مەهابادن و تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان، شنۆ، مەهاباد و ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.