سەرەڕای تێپەڕینی ٣٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد (سۆران) مورادخانیدا، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

محەممەد مورادخانی دوای دەستبەسەرکران لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کراوە. بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ دادگا و ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی منداڵەکەیان، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی بە دواوە نەبووە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە بۆیان نییە هیچ هەواڵێک لەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد بڵاو بکەنەوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.