ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سۆران بەنگینی و شەهرام ئیبراهیمی لە دەروازەی شاری شنۆدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانڤییە) دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کانی ڕەش»ی شنۆ، کاتێک کە دەیانویست بۆ شوێنی کارەکەیان لە دەروازەی چوونەژوورەوەی ئەم شارەدا بڕۆن، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.