سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەفتە لە دەستبەسەرکردنی موستەفا حەمدی، چالاکی بواری ڕاگەیاندن و بەرپرسی گرووپی تێلێگرامیی «پۆرسمان»ی شاری سەقز، ئەم چالاکە کوردە تا ئێستایش لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موستەفا حەمدی دوای ئەوەی لە سەقز دەستبەسەر کراوە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و تا ئێستا تەنها دوو جار بە کورتی و لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنەدایە.

ئەم چالاکەی بواری ڕاگەیاندن ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) لە تەلاری میلادی شاری سەقزدا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دەوترێت تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

موستەفا حەمدی پێشتر و لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم چالاکە کوردە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.