دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی شۆڕش ئەبووبەکری و دڵشاد محەممەدی دوای نزیکەی سێ حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکانی شۆڕش ئەبووبەکری و دڵشاد محەممەدی لە شاری سەردەشت و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردبوون و گواستبوونیانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ.

شۆڕش ئەبووبەکری، ناسراو بە «شۆڕەسوار»، ئامادەکار، پێشکەشکار و ژەنیار، ڕۆژێک پێش دەستبەسەرکران لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا بڵاوی کردبووەوە، ڕەخنەی لە ڕێگری و بەربەستدانانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان بۆ چالاکییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی خۆی لە چەند ساڵی ڕابردوودا گرتبوو.