ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «دێوەزناو»ی سەر بە شاری سەوڵاوا و سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەم گوندەیان بە ناوەکانی ئومید شەهداد، عومەر حسەینی و عەلی حسەینی دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی ئومید شەهداد، عومەر حسەینی و عەلی حسەینی لە گوندی «دێوەزناو»دا و ئەم سێ هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

لەسەرەتای خاکەلێوەوە (٢١ی مارس) تا ئەمڕۆ لانیکەم ٢٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی سنە، تاران، دێلوڕان، بۆکان، شنۆ، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام، سەقز، قوروە و مەهاباد دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەم هاووڵاتیانە ٨ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.