سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشین و چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵانی کرماشان، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە (١٢ی ئاوریل) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەلمان ئولفەتی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە (١٢ی ئاوریل) لە شەقامێکی شاری گیەڵاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم هێزانە هەروەها هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستایەش و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ماڵەکەیان پشکنیوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای ئەم شارە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییە بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت سەلمان ئولفەتی لە یەکەم ڕۆژانی نەورۆزی ئەمساڵدا و دوابەدوای زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی گیەڵانەوە، نامەیەکی سەرئاوەڵای ڕەخنەگرانەی دژ بە بەرپرسانی سوپای پاسداران و دامودەزگا ئەمنییەکان بڵاو کردبووەوە.

ئەم مامۆستا خانەنشینە کە ٦٠ ساڵی تەمەنە، پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٢دا (١٥ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتەیەک بە دانانی بارمتە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.