ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبرییە) شەعبان موریدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ و ١٤٠١یشدا (٢٠١٩ و ٢٠٢٢) هەر لە جوانڕۆ دەستبەسەر کرابوو، پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی و لێدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) هێزە ئەمنییەکان دوای هەڵدانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ ناو ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شاری جوانڕۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە و دوای گەڕان و پشکنینێکی زۆر، دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایلەکانی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەدا».

شەعبان موریدی ئەو کاتە لە ماڵەوە نەبووە و هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە، لە لایەن ئەو هێزانەوە و بە شێوەیەکی توندوتیژیئامێز دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

شەعبان موریدی پێشتریش لە خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ (نۆڤامبەری ٢٠١٩) و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢١) لە لایەن لقی ٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەریمان شەفیعی، بە تۆمەتی «بانگەشەکردن بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران» سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.