دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موستەفا زاهیرزوهوور و حامید ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و مەریوان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبرییە) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی موستەفا زاهیرزوهوور، چالاکی مەدەنی و شاخەوانی خەڵکی سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم چالاکوانەیان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی حامید ئەمینی، هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی «لەنجئاوا»ی مەریوان و دوای پشکنینی ماڵەکە و دەستگرتن بەسەر مۆبایلەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەیدا، ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی ساختەبوونی تاپۆی ئۆتۆمبیلی ئەم هاووڵاتییەوە ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و پاشان هەڵیانکوتاوەتە سەریان. ئەم هێزانە کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو، سەرەتا منداڵێکی بچووکی بنەماڵەکەیان بە بارمتە گرتووە و دوای دەستبەسەرکردنی حامید ئەمینی منداڵەکەیان ئازاد کردووە.