ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممە (٢٠ی فێبرییە) دانا لەنجئاوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەشەممە (٢٠ی فێبرییە) ئەم چالاکە مەدەنییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەیش (٢٢ی فێبرییە) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە براوەتە دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەریوان و تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

دانا لەنجئاوایی دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و بە بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەربوونی کاتییەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان.

ئەم ژینگەپارێز و چالاکە مەدەنییە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەبەر چالاکییەکانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە. ئەم هاووڵاتییە ساڵی ١٣٩١ (٢٠١٢) دوابەدوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان دژ بە لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد، دەستبەسەر کرا و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٥٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

ئەم چالاکە خوێندکارییە هەروەها لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندا لە درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام نووردا بێبەش کرابوو.