نیوەڕۆی سێشەممە ٢ی گەڵاڕێزان (٢٤ی ئۆکتۆبەر) کۆڵبەرێک بە ناوی موحسین عەبدوڵڵاهی لە ناوچەی سنووریی «کێلە»ی شاری بانەی پارێزگای کوردستان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم کۆڵبەرە ٣٥ ساڵەیە نیوەڕۆی سێشەممە لە کاتی ڕۆیشتندا بۆ کۆڵبەری لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە گۆڕستانی گوندی «کۆپێچی خواروو»ی بانە ئەسپەردە کراوە. موحسین عەبدوڵڵاهی، ٣٥ ساڵان، باوکی ٤ منداڵ و خەڵکی گوندی «کانی بەرد»ی بانە بوو.