بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٩ی گەڵاڕێزان زیندانیی سیاسیی کورد کامەران دەروێشی، پاش قبووڵکردنی داواکارییەکەی بۆ پشووی کۆتایی زیندان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، دوای ٤ ساڵ و ٨ مانگ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو لەم ٢ ساڵەی ڕابردوودا ٣ جار بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی خۆی لە زینداندا بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو.

 کامەران دەروێشی لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا و دوای ٤ ساڵ لە مۆڵەتی پشووی کاتی یان مورەخەسی بەهرەمەند ببوو و دوای گەڕانەوە نێو زیندان بە دەستووری بەرپرسانی بەندیخانە ڕەوانەی بەندی کارگەری کرابوو.

کامەران دەروێشی لە ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥دا لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. ناوبراو لە گەڵاڕێزانی هەمان ساڵدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «عەلی شێخلوو» بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک)» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.