ژینا حەسەنی موقەدەم، ١٦ ساڵان و خەڵکی سەقزی پارێزگای کوردستان کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گواستراوەتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: « ژینا حەسەنی موقەدەم کە پێشتر ببووە ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە هەرێمی کوردستان و چەند مانگێک لە مقەڕی ئەم حیزبە مابوویەوە، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا و دوای ئەوەی بنەماڵەکەی هەماهەنگییان لەگەڵ دەزگایەکی ئەمنیدا کردبوو، گەڕایەوە بۆ سەقز. بەڵام سەرەڕای ئەم هەماهەنگییانە و وەرگرتنی “ئەماننامە”، چەند ڕۆژێک دواتر لە ماڵەکەی خۆیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی کانوونی ئیسڵاح وتەربیەتی سنە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان. لە ئێستادا لانیکەم ١٠ ئەندامی پێشووی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان سەرەڕای هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و ورگرتنی ئەماننامە، دوای گەڕانەوە بۆ ئێران دەستبەسەر کراون و حوکمی قورسی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.