فەردین جەعفەری، هاووڵاتیی ٢٧ ساڵانی خەڵکی گوندی «مامەشا»ی سەقز کە دوێنێ ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) لە نزیک گۆڕستانی ئایچیی سەقز کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گوللە بەر سەری کەوتووە، لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم هاووڵاتییە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، ڕۆژی ڕابردوو لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ گوندەکەی خۆی، لە نزیک مەیدانی زیندان بەرەو جادەی ئایچی کەوتووەتە بەر تەقەی چەکدارانی سوپای پاسداران و گوللەیەک بەر سەری کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

فەردین جەعفەری دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شەفای سەقز لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەم نەخۆشخانەیەدا خەوێنراوە. دەوترێت گوللەکە بەشی تەمپۆراڵ (گێژەنە)ی لای چەپی سەری پێکاوە و بووەتە هۆی شکانی کاسەسەر و لەناوبردنی شانەکانی مێشکی و ئێستە ئاستی هۆشیاریی تەنها لەسەدا سێیە و هەر بۆیە لە دۆخێکی زۆر دژواردایە. دامودەزگا ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لەسەر دۆخی منداڵەکەیان هەواڵێک بڵاو بکەنەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، هێزەکانی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەم شارە و جادەی گۆڕستانی ئایچیدا جێگیر کرابوون و مۆڵەتیان بە هیچ جۆرە هاتوچۆکردنێکی هاووڵاتیان بۆ ئەم شوێنە نەدەدا.

بە وتەی سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە شارەکانی سنە، بۆکان و مەهابادیشدا هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەکی جەنگیی جۆڕاوجۆر هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هاووڵاتیانەی کە ئێوارەی دوێنێ لە هەندێ گەڕەکی ئەم شارانەدا گرد ببوونەوە.