بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٧ی ڕەزبەر (٢٩ی سێپتامبەر) فاتمە محەممەدپەناهی، خەڵکی گوندی «مارغان»ی شاری سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە دەستی دوو زڕبرا و هاوسەرەکەی کوژراوە.

فاتمە کە قوربانییەکی منداڵ-هاوسەری بوو، ساڵێک دوای هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ کوڕە ئامۆزاکەیدا ویستوویەتی لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە, بەڵام بنەماڵەکەی لەگەڵ بڕیارەکەیدا نەبوون و ڕێگرییان لێ کردووە. فاتمە محەممەدپەناهی ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی مارغان بە دەستی دوو زڕبرا و هاوسەرەکەی کوژراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە لانیکەم ١٣ حاڵەتی ژنکوشتن بە دەستی پیاوانی بنەماڵە لە کوردستاندا تۆمار کراوە.