ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد، سزای ساڵێک بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەر) عەلی ڕەزایی، پارێزەری ساڵح نیکبەخت، سەردانی لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانی کردووە و ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەنراوە.

عەلی ڕەزایی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا کە نوسخەیەکی بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ڕایگەیاندووە: «بە داخەوە دادگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، قورسترین سزای ئەم تۆمەتەی بەسەر پارێزوانەکەمدا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکرانە».

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: «دادگا لە حوکمەکەدا هەموو ئەو ٩ وتووێژەی ساڵح نیکبەخت کە وەزارەتی ئیتلاعات پشتی پێ بەستوون، وەکوو بەڵگەی تاوان لە قەڵەم داوە. ئەو وتووێژانە بریتین لە: ١. شیکردنەوەی دۆخی کۆڵبەران و کوشتنیان لە ئێراندا، ٢. بۆچوونی یاساناسانەی پارێزوانەکەم لەسەر دەنگۆی خنکاندنی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان، ٣. ڕەخنەگرتن لە بڵاوکردنەوەی دانپیانانی زۆرەملێی تۆمەتبارانی سیاسی (ئەمنییەتی) لە تەلەڤیزیۆنەوە و بەرپرسایەتیی کاربەدەستانی حکومەت لە پاراستنی گیانی دەستبەسەرکراواندا لە تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵدا و وتووێژ کردن لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی بی‌بی‌سیی فارسیدا لەسەر: ١. بەیاننامەی سەرئاوەڵای پارێزەران، چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ٢. شیکردنەوەی هۆکارەکانی نەدانی مۆڵەتی شۆفیریی مۆتۆر بۆ ژنان کە ڕایگەیاندبوو ئەم کارە هیچ بنەمایەکی شەرعی و یاسایی نییە، ٣. شیکردنەوەی ڕەوتی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ئێران (کەمال حەسەن ڕەمەزان) کە بە پارێزەریی بەڕێز نیکبەخت لە ئێعدام ڕزگاری بوو، هەروەها دیسانەوە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ فەردا لەسەر شەرمەزارکردنی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەرهەموو ئەم وتووێژانە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٨ تا ١٤٠١ (٢٠١٩ تا ٢٠٢٢) واتە تا پێش خەرمانانی ١٤٠١ (سێپتامبەری ٢٠٢٢) ئەنجام دراون. ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە، پێداگرتنی شکاتکار و دادگاکەیە لەسەر تانەدانی پارێزوانەکەم لە بۆچوونی پزیشکیی داد. بەڕێز نیکبەخت بەپێی ئەرکی یاسایی خۆی تانەی لە بۆچوونی پزیشکیی داد وەکوو بۆچوونی پسپۆڕانە لە پرسی کوشتنی ژینا ئەمینیدا داوە و وتوویەتی لەبەر ئەوەی کە بۆچوونی پزیشکیی داد تەنها ڕێگای دۆزینەوەی حەقیقەتە [نەک خودی حەقیقەت]، وەکوو هەموو بۆچوونێکی پسپۆڕانەی دیکە، تەواوکراو و قەتعی نییە. هەروەها داوای کردبوو پرسی گیانبەختکردنی ژینا لە کۆمیسیۆنێکی دیکەدا لێکۆڵینەوەی دووبارەی بۆ بکرێت و بەو پێیەی کە پارێزەران و بنەماڵەی ژینا شارەزایی پێویستیان لە زانستی پزیشکیدا نییە، پێویستە لە دووهەم کۆمیسیۆنەکەدا ٥ کەس لەو ١٢ پزیشکە ناسراوەی ئێران کە لە لایەن بنەماڵەی ژیناوە دەستنیشان کراون، بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنەکە بە ئامادەبوونی ئەم پزیشکانە لە ڕەوتی ڕووداوەکە و هۆکارەکانی مەرگی ژینا بکۆڵێتەوە، تاکوو ئەگەر پرسیارێک لە ئارادا بێت لە لایەن ئەم پزیشکانەوە بخرێتە بەردەست. ئەمە نە تاوانە و نە پارێزوانەکەم شتێک جیا لەمەی داوا کردووە. بە داخەوە دادسەرا و دادگای شۆڕشی ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی وتە یاساییەکانی بەڕێز نیکبەخت، وتووێژەکەی بەڕێزیانی لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئێعتماد»دا سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی مەرگی ژینا ئەمینی وەکوو یەکێک لە بەڵگەکان بۆ سەلماندنی تاوانی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە قەڵەم داوە و لەبەر ئەم وتووێژانە سزایان بە سەر بەڕێز نیکبەختدا سەپاندووە».

ساڵح نیکبەخت ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١١ی مارسی ٢٠٢٣) لە بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی موقەدەسی تاراندا ئامادە بوو و تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی پێ ڕاگەیەنرا. ئەم پارێزەر و یاساناسە بە دانانی کەفالەت تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دادگاییکردنی ئەم پارێزەرە یاساییە لە دوو کۆبوونەوە و لە ڕۆژانی ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) و ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبەر) لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕەوە چووبوو.

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری یاسایی ٧٢ ساڵان کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە گەلێ دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ بووە. هەروەها لە هەندێ دۆسیەی بەناوبانگی گەندەڵیی ئابووریی ئێرانیشدا پارێزەریی کردووە، لەوانە دۆسیەی ناسراو بە ١٢٣ میلیاردیی بانکی سادرات کە وەک پارێزەری بانک هۆکار و بکەرە سەرەکییەکانی گەندەڵیی لە قاو دا و ڕایگەیاند لەم دۆسیەیەدا کەسانێک زەمینەی تاوانیان فەراهەم کردووە کە نە سەرپەرشتن و نە یاریدەدەر و نە هاوبەش، بەڵام بەبێ دەستێوەردانی ئەوان ئەنجامدانی تاوانەکە نامومکین بوو.

ئەم پارێزەرە یاساییە کە پێشینەی ڕۆژنامەوانیشی هەیە، پێش و پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران (١٩٧٩) بەردەوام لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتووەتە بەر لێکۆڵینەوە، بانگهێشتکردن، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران و دەستبەسەرکردنەوە و نزیکەی ٨ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بردووەتە سەر. هەروەها لە کارنامەی ئەم یاساناسەدا ڕزگارکردنی گیانی نزیکەی ٣٠ زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە ساڵانی پارێزەربوونیدا دەبینرێت.

ژینا ئەمینی، ژنەکوردی خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە شەقامێکی تاراندا لە لایەن دەوریەی ئێرشادەوە (پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) لەبەر «ناتەواوبوونی حیجاب» و بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا پاش گواستنەوەی بۆ بینای پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقیی تاران لە شەقامی وزەرا، بە هۆی قورسبوونی ئەو زەبرانەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بەر سەری کەوتبوو، لەسەر خۆ چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەسرا کرا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراوەتەوە، ژینا کاتێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو کە تووشی مەرگی مێشک ببوو و سێ ڕۆژ دواتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و لە سیناریۆیەکی دووبارەدا ڕایگەیاند کە ژینا بە جەڵدەی دڵ و لەبەر نەخۆشیی پێشووتر گیانی لەدەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم بانگەشەیە پێداگر بوون لەسەر ئەوە کە منداڵەکەیان پێش دەستبەسەربوون بەتەواوی تەندروست بووە. هەروەها چەند شایەتحاڵێکی مەیدانییش کە خۆیان لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی دەوریەی ئێرشاد لە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنی ژینادا بوون و لە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە ژینای پێ گوازرابوویەوە، دواتر پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانی پۆلیس ژینایان بە قورسی ئەشکەنجە داوە و هۆکاری شکانی کاسەسەریشی هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێدان و ئەشکەنجانە. بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، تا ئێستا هیچ ڕێکارێکی یاسایی لەسەر دۆسیەکە نەگیراوەتە بەر و هەموو لێکۆڵینەوەکان بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵە و پارێزەر بەڕێوە چووە.