تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە شەوی چوارشەممە ٢ی ڕێبەندان / ٠١.٢٢، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “فەردین مورادی”، چالاکوانی مدەنی کوردی خەڵکی سنە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکوانە مەدەنییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

فەردین مورادی پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٣٨٥دا / ٢٠٠٦.١٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگێک بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” بە ٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی مەراغە سزادرابوو.

ئەو سزایە پاش تانەلێدن لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ بەندکران زیادکرا، ئەوە لە کاتێکدایە کە دادگای پێداچوونەوە پێویستە سزاکان کەم بکاتەوە نەک زیادیان بکات. ناوبراو پاش تێپەڕکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.