بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تێپەڕینی مانگێک بە سەر دەستبەسەرکردنی ئەفشین شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد لە سنە، بڕیاری دەستبەسەرکردنەکەی لە لایەن لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای سنەوە دیسان درێژ کرایەوە.
نگار نەسری‌موقەدەم، دایکی ئەفشین شێخولئیسلامیی وەتەنی، لە وتووێژدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست دۆخی منداڵەکەیدا وتی: «ئێستا ٣٥ ڕۆژە ئەفشین دەستبەسەر کراوە و ئێمە هێشتا نازانین لە بەر چی گیراوە. کاربەدەستانی ئەمنیەتی بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە نێو ماڵەکەی خۆماندا گرتیان و تا ئێستاش پێمان ناڵێن چ تۆمەتێکی لەسەرە. تەنانەت خودی ئەفشینیش کە هەندێ جار توانیویەتی پێوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر کورتمان لەگەڵ بگرێت، ڕێگەی پێ نەدراوە باسی ڕەوتی لێپرسینەوەکانی بکات».
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنەوە سەبارەت بەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی ئەفشین شێخولئیسلامی کراوەتەوە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لێپرسەوە ئەمنیەتییەکان بەڕێوەچوونی کۆمەڵە کۆبوونەوەیەکی بەردەوام لە ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە نمونەی بانگەشەکردن بۆ لایەنێکی سیاسیی تایبەت لە قەڵەم داوە».
ئەفشین شێخولئیسلامیی وەتەنی لە ٧ی پووشپەڕدا بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعات لە ماڵەکەی خۆیدا لە سنە دەستبەسەر کرا، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە کاتی دەستگیرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللیدا، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ لە سنەدا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە ٢٨ی سەرماوەزدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. دواتر لە دادگادا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندەی دژ بە حکوومەت» لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە، بەڵام بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوون و هەروەها لەبەر دۆخی نالەباری زیندانەکان لە ئەنجامی کەوتنەوەی پەتای کۆرۆنادا، پاشماوەی حوکمەکەی ئەو و ٤ چالاکی دیکە بەخشرا.
ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە، لەم دوو ساڵەی دواییدا لەبەر حوکمی «قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە»ی لە ئێران کە لە لایەن لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای سنەوە دەرکراوە، نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونەکەی خۆی لە ئامریکا.

ئەفشین شێخولئیسلامیی وەتەنی تا ئێستا چەندین جار بە هۆی چالاکیی سیاسی و مەدەنییەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە و لانیکەم چوار جار لە لایەن ڕێکخراوە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، یەک لەوانە دەگەڕێتەوە بۆ بەفرانباری ١٣٨٩ کە وێڕای کۆمەڵە چالاکێکی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە ماڵی “حەبیب لەتیفی”دا دەستبەسەر کرا، ئەو کەسانە هەوڵیان دەدا بەر بە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بگرن. حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب لەتیفی لە ئاکامی هەر ئەم هەوڵانەدا پووچەڵ کرایەوە و گۆڕرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی. ئەودەم چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لەوانە “ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی”، لە ئاست دەستگیرکردنی ئەفشین شێخولئیسلامیی وەتەنی و چالاکانی دیکەی دژی ئێعدامدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.