بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، خەبات مەفاخێری، لە ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان کە ٦ی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کرابوو، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی پێوەندیی تەلەفۆنی یان دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدایە.
لەم ماوەیەدا دوو جار بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم چالاکوانە کوردە تازە کراوەتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی ئامادە نەبوون هیچ زانیاری و ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو بدەن.
هەروەها مادێح فەتحی، یەکێکی‌تر لە ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان کە ٢٠ی گەلاوێژ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی ٨٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.
دەوترێت ئەم دوو چالاکوانانە ژینگەپارێزە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتوونەتە بەر لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە.