سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەفەر نووری، فەرهاد نووری و شارام کازمیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار شارام کازمیان، چالاکوانی مەدەنیی کورد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٣ ساڵ زیندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٨دا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە. 

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕەشەمەی ١٣٩٨دا لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «ئەندامبوون لە گرووپە نەیارەکاندا» بە گشتی حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ناوبراو لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا دوای دەرچوونی حوکمی زیندان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا. حوکمی ٦ ساڵ زیندانی ئەم چالاکە مەدەنییە دوای چەند مانگ لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا گۆرا بۆ ٣ ساڵ زیندان.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی ئەنبێی ورمێ بە ناوەکانی سەفەر نووری و فەرهاد نووری بۆ جێبەجێکردنی حوکمی یەک ساڵ زیندان ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران.

ئەم کەسانە لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی ئەنبێی ورمێدا بە ناوەکانی عەلی عەزیزی و پەرویز نووری لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەستبەسەر کران. ئەم چوار هاووڵاتییە دوای ٢٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە و لە پاییزی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران. دادگای ئەم چوار هاووڵاتییە لە خەرمانانی ئەمساڵدا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و لەم دادگایەدا تۆمەتەکان لەسەر پەرویز نووری لاچوو و فەرهاد نووری، سەفەر نووری و عەلی عەزیزی بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی کوردیدا، هەرکامەو حوکمی ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا. دوای ئەوەی ئەم کەسانە تانەیان لە حوکمەکە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ و حوکمی دوو کەسیان گۆڕرا بۆ یەک ساڵ و عەلی عەزیزییش تۆمەتەکانی لەسەر لاچوو.