کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە حەوتەم ڕۆژی مانگرتندایە، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری و چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە، ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە و ئێستە بریندارە و لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کەیوان ڕەشۆزادە سەرباری شینبوونەوە و دروستبوونی ئیلتیهاب لە جەستەیدا بە هۆی ئەشکەنجەکانەوە، بە فەرمانی پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە سەردانی زیندانیان کردووە و داوای چاوپێکەوتن و پێوەندیی تەلەفۆنیان لەگەڵ کوڕەکەیاندا کردووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئەو مۆڵەتەیان پێ نەداون.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. هەمان ڕۆژ سەرلەنوێ براوەتە حەوشەی سەرەکیی زیندان و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان لە لایەن هێزەکانی گاردەوە بە باتۆم ئەشکەنجە دراوەتەوە.

چەند زیندانییەکی سیاسی، لەوانە شاکر بێهرووز و ئەردەوان تەهووریان کە لە ژووری تاکەکەسی لە مانگرتندا بوون و ڕۆژی ڕابردوو پاش کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان گەڕاونەتەوە بۆ ناو بەند، ڕایانگەیاندووە کە کەیوان ڕەشۆزادە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب (مەسعوود) حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمی کەیوان ڕەشۆزادە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیاندا و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١یشدا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو.