تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی تورکیا کە لە کۆتایی خەرمانانی ئەمساڵەوە دوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان تیمێک لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) و هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللەیەکەوە بریندار ببوو و دەستگیر کرابوو، بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی هێشتا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدایە.

لە ڕێکەوتی ٢٤ی گوڵاندا تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتنە بۆسەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە و دوای تێکهەڵچوونێکی کورت یەکێک لە ئەندامەکانی ئەم پارتە بە ناوی «ئادەم ئۆزکان» لە حاڵێکدا کە دەست، قاچ و دەموچاوی بە قورسی بریندار ببوو، بە دەستی هێزەکانی ئێران دەستگیر کرا.

ناوبراو دوای دەستگیربوون سەرەتا برایە نەخۆشخانەی عارفیانی سپای پاسداران لە ورمێ و دوای ١٧ ڕۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە و لە حاڵێکدا کە هێشتا پرۆسەی دەرمانکردنی تەواو نەبووبوو، ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەردا بۆ لێپرسینەوە ڕادەستی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرا و لەو کاتەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدا بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی ڕاگیراوە.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵدا فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانی ئێراندا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکە ڕایگەیاند کە لەم تێکهەڵچوونەدا دوو کەسی بریندار دەستبەسەر کراون.