تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی شێرکۆ ئاگوشی و حسەین ئەلوەندکووهی لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی مەهابادەوە بە تۆمەتی «یارمەتیدانی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران» هەرکامەو حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە ڕۆژی ڕابردوو بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنراوە.

شێرکۆ ئاگوشی لە ڕێکەوتی ٩ی خەرماناندا لە شاری پیرانشار بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار و دەستبەسەر کرا. ڕۆژێک پێش ئەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی خەرماناندا، سادق ئاگوشیی برای شێرکۆ بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک مەهاباد کوژرابوو و باوکیشی، کاوە ئاگوشی، دەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ١٨ مانگ دەستبەسەربوون لە ڕێبەندانی ١٣٩٩دا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان»دا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی پیرانشارەوە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ناوبراو دوای دەرچوونی ئەم حوکمە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا و لە پووشپەڕی ئەمساڵدا و دوای ڕاگەیاندنی لێبوردن، پاشماوەی حوکمەکەی بەخشرا و لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.