لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، لە ڕێگای بانگهێشتکردن و خستنە ژێر لێپرسینەوەی دەیان هاووڵاتی و چالاکی کوردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز هەڕەشەیان لێ کردبوون.

هەروەها دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی کورد دەستبەسەر
کراون.سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی کامێران، مەریوان، سنە، سەقز، بۆکان، پیرانشار، ڕەبەت، بانە، شنۆ، ورمێ، خۆی، ماکۆ و سەڵماس باس لە بانگهێشتکردنی دەیان کەس لەم شارانە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامی دەکەن.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دامودەزگا ئەمنییەکان بەڕێوەبردنی هەرچەشنە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریی نەورۆزیان مەرجدار کردبوو بە وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی لە فەرماندارییەکان (قایمقامییەت) و هەڵکردنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەو ڕێوڕەسمانەدا. ئەم دەزگایانە هەروەها داوایان لە بەڕێوەبەران کردبوو بەڵێننامەی نووسراو واژۆ بکەن کە ڕێگری لە بەکارهێنانی هێما کوردییەکانی وەک جامانە، گوڵی سوور، لەچکی سپی و… لە لایەن بەشداربووانەوە دەکەن.

لەم بەڵێننامانەدا هەروەها ئاماژە کراوە بە قەدەغەبوونی بڵاوکردنەوەی گۆرانیی شاد و سروودی حەماسی و هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک لە ڕێوڕەسمەکاندا.

دوابەدوای ئەم هەڕەشانە و جێبەجێکردنی قەدەغەکارییەکان، هەندێ لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز نەیانتوانی مۆڵەت وەربگرن، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش جەماوەری خەڵک لە زۆربەی شار و گوندەکاندا بە شێوەی خۆڕسک ڕێوڕەسمی نەورۆزیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە (٢١ی مارس) دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵان (کودک)ی سنە، هێزەکانی یەکینەی تایبەتی هێزی ئینتیزامی هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمەکە و لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ناو دەستبەسەرکراواندا ئارینا سەلیمی (منداڵی ١٥ ساڵان) و بەتوول ئەعزەمی (داپیرەی ئارینا) ڕۆژێک دواتر بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و دانانی کەفالەت ئازاد کراون، بەڵام سوهراب جەلالی، ئارمان سەلیمی (باوکی ئارینا)، جەمال ئەسەدی، فواد عینایەتی، سەهەند بەرزنجی، جەمشید فەرزی، عابد خورشیدی، ئارەش شەکیبا، کەیوان مەحموودی، خالید حسەینی، ئارەش فیداکار، کەیهان کاکەخانی و فەردین پەیمانکار هێشتا هەر دەستبەسەرن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یەک لەم دەستبەسەرکراوانە لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم کەسانە لە لایەن پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر کراون و پاش بەدواداچوونی بنەماڵەکان، دادگای سنە پێی ڕاگەیاندوون ئەم کەسانە تا ڕۆژی شەممەی حەفتەی داهاتوو هەر دەستبەسەر دەبن».

دەوترێت ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢٢ی مارس)، ڕۆژێک دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز لە پارکی منداڵانی سنە، لانیکەم ١٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە هۆی بەشداریکردنەوە لەم ڕێوڕەسمەدا بانگهێشت کراون بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە (٢٢ی مارس) دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئەحمەد ڕەسوولی و ساسان پاداش بە هۆی بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆزدا لە گوندی «قەڵاتەڕەش»ی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم سەرکوتکارییانەدا، هێزە ئینتیزامییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و وێڕای لێدان و ئەشکەنجەکردنی ژمارەیەک لە بەشداربووان نەیانهێشتووە ڕێوڕەسمەکە درێژە پەیدا بکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تر لە گوندی «نستان»ی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەرپرسە دەوڵەتییەکان ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێ بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جەماوەریی نەورۆز کارەبای گوندەکەیان بڕیوە.