دوو چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز بە ناوەکانی ئیرەج ڕەحیمزادە و ڕێبوار مەحموودی کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوانی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کراون، هێشتا هەر دەستبەسەرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئیرەج ڕەحیمزادە کە لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەرداندا (٢٨ی مەی) لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندایە.

هەروەها چالاکوانێکی مەدەنیی تر بە ناوی ڕێبوار مەحموودی کە لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەرداندا (٧ی ژوەن) لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش هەر دەستبەسەرە. دەوترێت لێپرسەوەی دادگای مەریوان بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ٢٥ ڕۆژەی بۆ ناوبراو دەرکردووە.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە.