بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ (٢ی ئاگۆست) نەوید کۆنەپۆشی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوانی پارێزگای کوردستان، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە کوردە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەواڵی گواستنەوەی خۆیی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەی پێ ڕاگەیاندوون.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠دا (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەریوان چووبوونە سەر ماڵی نەوید کۆنەپۆشی و ویستبوویان دەستبەسەری بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبوو براکەیان دەستبەسەر کردبوو. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەیان وتبوو تا کاتێک نەوید کۆنەپۆشی خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات کوڕەکەی تریان ئازاد ناکرێت و دەستبەسەر دەبێت.

نەوید کۆنەپۆشی چەند کاتژمێرێک دوای ئاگاداربوون لە دەستبەسەرکردنی براکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە بە مەبەستی دیلکردن و بەبارمتەگرتن ئەنجام درابوو، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرد. دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە براکەی تری ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباردا (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لەم دۆسیەیەدا تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا ڕووبەڕووی نەوید کۆنەپۆشی کرابوویەوە.

نەوید کۆنەپۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان و کەمپەینەکانی ژیاندنەوەی دارستانەکانی ناوچەکەدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە.