بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شادی دەرگاهی و ئیرەج ڕەحیمزادە، چالاکانی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، بەبێ ئەوەی مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان بۆ دابین بکرێت، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان.

ئیرەج ڕەحیمزادە لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەرداندا (٢٨ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو لەم ماوەیەدا جارێک بۆ ماوەی حەفتەیەک لەو دەستبەسەرگەیەوە گوازرابوویەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی مەریوان و سەرلەنوێ بۆ لێپرسینەوە گەڕێنرابوویەوە بۆ هەمان دەستبەسەرگەی پێشوو.

شادی دەرگاهیی هاوژینی ئیرەج ڕەحیمزادەیش لە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕدا (٢١ی جولای) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و شەوان دەگەڕێنرێتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.

ئیرەج ڕەحیمزادە  دوو حەفتە دوای دەستبەسەرکردن، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا باسی گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێی کردبوو. ناوبراو پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (١٨ی فێبرییەی ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەفتە لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ئەم چالاکە مەدەنییە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای سێ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.