ئەمڕۆ شەممە ١٨ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبر) ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی بەشی داواکاریی گشتی و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە (کۆتایی جولای ٢٠٢١) ئیدریس فەقهی، دژبەری سیاسیی کوردی ٣٦ ساڵەیان بە شێوەی زۆرەملێ بزر کردووە.

دەقی تەواوی بەیاننامەکە لە ژێرەوەدا بخوێننەوە:

بزرکردنی زۆرەملێیانەی دژبەری سیاسیی کورد ئیدریس فەقهی

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی پێنجی گەلاوێژی ١٤٠٠ (کۆتایی جولای ٢٠٢١) هەواڵی گەمارۆدانی چەکدارانەی چەند ئەندامێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای بڵاو کردەوە، ئەم پارتە یەکێکە لە حیزبە دژبەکانی حکوومەت. دوابەدوای ئەم ڕووداوە ناسنامەی ئیدریس فەقهی وەک یەک لە پێکراوانی گەمارۆکە ئاشکرا کرا.

بنەماڵەی ئیدریس فەقهی سەرەتا بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت پێیان وا بوو کوڕەکەیان کوژراوە. بەڵام لە خەرمانانی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) شایەتحاڵەکان بە بنەماڵەی ئیدریس فەقیهییان ڕاگەیاند کە ناوبراو لە تێکهەڵچوونەکەی گوندی عەلەمئاوادا بریندار بووە و لە ماوەیەکی کورتدا دوای هەڵاتن لە شوێنی تێکهەڵچوونەکە دەستگیر کراوە.

لە مەودای نێوان ڕەزبەر تا سەرماوەزی ١٤٠٠دا () دوو بەندکراوی پێشوو بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاند کە ئیدریس فەقهییان لە دەستبەسەرگەی سپای پاسداراندا لە سەربازگەی ئەلمێهدیی شاری ورمێی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە زیندوویی بینیوە. ئەوان وتبوویان کە دۆخی تەندروستیی ناوبراو بە هۆی ئەشکەجەدان و نەبوونی پێڕاگەیشتنی پزیشکییەوە ناجێگیر و خراپ بووە.

دوای هەوڵ و تێکۆشانی فراوان و بەردەوامی بنەماڵەی ئیدریس فەقهی، یەک لە بەرپرسانی داواکاریی گشتیی ورمێ لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (سێپتامبر تا نۆڤامبری ٢٠٢١) بە شێوەی زارەکی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهیی پشتڕاست کردبۆوە، بەڵام شوێنی ڕاگرتنەکەی ئاشکرا نەکردبوو و وتبووی ئیدریس دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندی دەگرێت. بەڵام لێپرسەوەی لقی ٦ی دادسەرای ورمێ لە مانگی گەڵاڕێزان (ئۆکتۆبر)ی هەمان ساڵدا ئەم زانیارییانەی ڕەت کردبۆوە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی سەربازگەی ئەلمێهدی بەردەوام بە بنەماڵەی ئیدریس فەقیهییان وتووە کە ناتوانن هیچ جۆرە زانیارییەکیان پێ بدەن، بەڵام هەندێ کات بە بنەماڵەکەیان وتووە کە بۆ دیداری بنەماڵەیی لە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران مۆڵەتێکی نووسراو وەربگرن کە بیسەلمێنێت ئیدریس فەقهی لای سپای پاسدارانی ورمێ دەستبەسەرە. لە نووسینگەی بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا لە ورمێ، بەرپرسان هەندێ کات وتوویانە ئیدریس فەقهی «دوای کۆتاییهاتنی کاروبارە ئیدارییەکان» لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێوەندی دەگرێت.

بە زمان و پێنووسی خۆتان یان لە ڕێگای دەقی پێشنیارکراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە نامە بۆ کاربەدەستانی ئێران بنووسن و داوایان لێ بکەن کە:

دەستبەجێ چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئیدریس فەقهی ئاشکرا بکەن،

ئیدریس فەقهی ئازاد بکەن، مەگەر ئەوەی بەڵگەنامەی پێویست بۆ سەلماندنی تاوانێکی پێناسەکراو و دەستنیشانکراوی ئەویان لە بەردەستدا بێت کە لە ڕێگای ئەشکەنجە یان هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی بێبەزەییانە، نامرۆڤانە و سووکایەتیکەرانەوە وەرنەگیرابێت، دواجار و لە هەر حاڵەتێکدا ڕێز لە مافی بەهرەمەندبوونی ئیدریس فەقهی لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بگرن و بەدوای لەسێدارەدانیەوە نەبن،

لە بەرانبەر ئەشکەنجە یان هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی نەشیاوی دیکەدا پارێزگاری لە ئیدریس فەقهی بکەن،

دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە دیداری بەردەوامی بنەماڵە و پارێزەری دیاریکراوی خۆی و هەروەها چاودێریی پزیشکیی پێویستی بۆ بڕەخسێنن و سەبارەت بە بزرکردنی زۆرەملێیانە و ڕاپۆرتەکان لەسەر ئەشکەنجەدان و هەموو جۆرە هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی تر لە بەرانبەر ئیدریس فەقهیدا، دەستووری لێکۆڵینەوەی شایستە، سەربەخۆ و بێلایەنانە دەر بکەن و کەسانی گومانلێکراو لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا و بەبێ پەنابردن بۆ سزای لەسێدارەدان ڕادەستی عەدالەت بکرێن.