بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەژیر باخیشی، خەڵکی مەریوان و دەرچووی بەشی ئەندازیاریی کۆمپیتەری زانکۆی پیشەسازیی شەریف، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر (٢٥ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستە لە زیندانی فەشافوویە ڕاگیراوە و مافی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمانی لێ زەوت کراوە.

دەوترێت ئەم هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی مەریوان کە بۆ کۆبوونەوەیەکی کاری سەفەری تارانی کردبوو، لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر (٢٥ی سێپتامبر) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا بە ئەشکەنجە و لێدان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوەکانیشدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراوە و هەر بۆیە تووشی شکانی سەر بووە.

هەژیر باخیشی لەبەر نەخۆشی لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدایە و لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا بێبەش کراوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەواودەرمانەکانی پێ نەدراوە.

کۆبوونەوەی دادگای ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزاندا (١٩ی نۆڤامبر) بە تۆمەتی «پیلانگێڕیی دژ بە ئاسایشی وڵات» لە یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بەڕێوە چووە.