ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانبار (٢٥ی دێسامبر) هێزە ئەمنییەکان لە جادەی ماییدەشت بۆ کرماشاندا دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی شایان عەزیزی بریندار بووە. هەروەها دوو سەرنشینی ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوەکانی کووروش وەیسی و میلاد مورادی لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کرماشان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوو هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی مەهدییە (دەرەدرێژ)ی کرماشان بە ناوەکانی کووروش وەیسی و میلاد مورادی دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم گەڕەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ کرابوو. ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانبار (٢٥ی دێسامبر) ئەم دوو هاووڵاتییە لەگەڵ هاوڕێیەکی‌تریاندا بە ناوی شایان عەزیزی لە حاڵێکدا کە بە ئۆتۆمبێلێک لە جادەی کرماشان بۆ شاباددا دەڕۆیشتن، کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و شایان عەزیزی بریندار بوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «هەروەها کووروش وەیسی و میلاد مورادی لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار، شایان عەیزیزییش ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی کرماشان کراوە».

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد کە سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی کرماشان، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە بەدەست نەهاتووە.