ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) ٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئارمان مێنبەری، ئاروین نیکپەی و سەجاد مورادیوەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، سنە و مەسجدسولەیمان دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) ئارمان مێنبەری، وەرزشکاری خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

هاوکات هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان بە ناوی ئاروین نیکپەی لە یەکێک لە شەقامەکانی مەریواندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی نێ و وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلی کەسیی ئارویندا کە لەبتۆب و مۆبایلەکەی لە ڕیزی ئەو کەلوپەلانەدا بوون.

هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلامیش بە ناوی سەجاد مورادیوەندان کە بە هۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستبەسەرکردنی ناچار ببوو شارەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت، دوای چەند مانگ ژیانی شاراوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەسجدسولەیمان دەستبەسەر کراوە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.