تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس) کامران دەروێشی، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە نزیکەی ١١ مانگ لەمەوپێشەوە لە وڵاتی نەمسا(ئۆتریش) داوای پەنابەریی کردووە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست یەکلایینەکردنەوەی دوسیەکەی و بڕیاری بەرپرسانی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دەرکردنی لە بیناکە، بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتووە.

کامران دەروێشی پێشتریش لە کاتی بەندبوون لە زیندانی ورمێ، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ڕاگرتنیدا لە بەندی زیندانییانی مادە سڕکەرەکان بە دوورینەوەی لێوەکانی مانی لە خواردن گرتبوو.

کامران دەروێشی لە ڕێکەوتی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٥ (٢ی مەی ٢٠١٦) لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. ناوبراو لە مانگی گەڵاڕێزان (نۆڤامبر)ی هەمان ساڵدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو لە سەرماوەزی ١٣٩٩ (دێسەمبری ٢٠٢٠) دوای ٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندبوون لە زیندان ئازاد کرا و دواتر بە هۆی گوشارە ئەمنییەکانەوە ناچار بوو ئێران بەجێ بهێڵێت و لە نەمسا داوای مافی پەنابەری بکات.