تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە (٢٩ی مارس) ژنە پەناخوازێکی کوردی ئێرانی بە ناوی قەدەمخێر حەقانیزادە دوای ٦ ساڵ نیشتەجێبوون لە دانمارک لەبەر ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەت کراوەتەوە، لە لایەن هێزە دەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژکارانە لە هاوسەر و منداڵە یەک ساڵەکەی جیا کراوەتەوە و لەگەڵ دوو منداڵەکەی تریدا براونەتە فڕۆکەخانەی کۆپنهاگ.

ئەم پەناخوازە لەگەڵ دوو منداڵە ١٠ ساڵەکەیدا بە مەبەستی سنوورداشکردنەوە بۆ ئێران سەرەتا گوازرانەوە بۆ ئێستانبول، بەڵام ناوبراو لە بەرانبەر ئەم هەوڵەدا لە ڕێگای خۆبریندارکردنەوە بەرگریی نواندووە و خوێنێکی بەرچاوی لێ چووە، هەر بۆیە دوای چەند کاتژمێر گەڕێنرایەوە بۆ دانمارک.

کەسێکی نزیک لەم پەناخوازە سیاسییە بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «دەمەوبەیانی ڕۆژی سێشەممە زیاتر لە ٦ پۆلیس چوونەتە نێو کامپی نیشتەجێبوونی قەدەمخێر حەقانیزادە و بنەماڵەکەی لە شاری ئەڤنسترۆپ(Avnstrup) ی دانمارک و ناوبراویان بە شێوەیەکی توندوتیژکارانە لە هاوسەر و منداڵە یەک ساڵەکەی جیا کراوەتەوە و لەگەڵ کورە دووانەکانیدا ڕەوانەی ناوەندی دەرکردنی پەناخوازان کراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە کەسێکی دانیشتووی کامپەکە تۆماری کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، بە ڕوونی توندوتیژیی دژ بەم ژنە پەناخوازە نیشان دەدات.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوە (٣٠ی مارس) قەدەمخێر حەقانیزادە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا، یووسف و یوونس، بە گەشتێکی ئاسایی ڕەوانەی ئێستانبول کراوە، بەڵام لە کاتێکدا کە لە بەشی ترانزیت بوون بەرەنگاریی فراوانی نواندووە و بە هۆی خۆبریندارکردنەوە خوێنێکی زۆری لەبەر چووە، ئەمەش دەبێتە هۆی هاوارکردنی منداڵەکانی و ناڕەزایەتیی خەڵک، هەر بۆیە هێزە دەوڵەتییەکانی دانمارک ناچار بوون بیانگەڕێننەوە بۆ دانمارک».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، قەدەمخێر حەقانیزادە سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی، ئێستە لەژێر چاودێریی دەوڵەتدایە، بەڵام دوو منداڵەکەی گەڕاونەتەوە بۆ لای باوکیان لە کامپی پەناخوازاندا.

قەدەمخێر حەقانیزادە و بنەماڵەکەی لە کوردانی یارسانی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشانن. ئەوان ساڵی ٢٠١٥ دوای یەک ساڵ ئاوارەبوون لە تورکیا خۆیان گەیاندە دانمارک و داوای پەنابەریی سیاسییان لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە کرد، بەڵام دوای تێپەڕینی ٦ ساڵ و سەرەڕای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی پێویست و تەنانەت نامەی پشتگیریی حیزبکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، داوای پەنابەرییەکەیان ڕەت کراوەتەوە.

دەوڵەتی دانمارک ڕای گەیاندووە لەبەر ئەوەی قەدەمخێر حەقانیزادە و دوو منداڵەکەی پێشتر بە پەساپۆرتەوە و بە شێوەی ڕەسمی لە ئێرانەوە سەفەریان بۆ تورکیا کردووە، ئەگەر سنوورداش بکرێنەوە بۆ ئێران هیچ مەترسی و هەڕەشەیەکیان لەسەر نابێت.