بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) فاتمە داوەند، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە ئێرانی بەجێ هێشتووە و وەک پەناخوازی سیاسی نیشتەجێی تورکیایە، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەم وڵاتەوە لە شاری کایسەری دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ نیشتنگەی ناوەندیی دەرکردنی پەناخوازانی ئەم شارە.

فاتمە داوەند کە ئێستا لەو ناوەندەدا ڕاگیراوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستاندا وتی: «ڕۆژی ڕابردوو لە بازاڕێکی شاری کایسەری بەبێ هیچ هۆکارێک لە لایەن پۆلیسی شاری کایسەرییەوە دەستبەسەر کرام و دوای گوازرانەوە بۆ بنکەیەکی پۆلیس و وەرگرتنی پەنجەمۆر، ڕەوانەی کامپی ناوەندیی سنوورداشکردنەوە لە دەرەوەی شاری کایسەری کرام».

بە وتەی ناوبراو، تا ئێستا بەرپرسانی پێوەندیدار لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ ئەم ناوەندە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە، بەڵام بە سەرنجدان بە شوێنی ڕاگرتنەکەی کە ناوەندێکی دەرکردنی پەناخوازانە، مەترسی و نیگەرانیی جیدی لەسەر ڕادەستکردنەوەی بە ئێران لە ئارادایە.

فاتمە داوەند، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا (نۆڤامبری ٢٠١٩)  لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی قورسی ڕۆحییەوە. چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی فاتمە داوەند، ڤیدیۆی دانپیانانە ئیجبارییەکانی لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کرایەوە. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، گواسترایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (٢٥ی مارسی ٢٠٢٠) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

فاتمە داوەند لە گوڵانی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکران لە لایەن ناوبراوەوە و بەپێی یاسا کەم کرایەوە بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران. ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی تردا، ڕێبەندانی ١٣٩٩ (فێبرییەی ٢٠٢١) لە لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکان بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردنەوە لە ئاژاوەگێڕییەکاندا» و «لابردنی سەرپۆش و حیجاب»، دادگایی کرا. لەم دادگایەدا کە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مێهدی تەقیزادە بەڕێوە چوو، تۆمەتی لابردنی سەرپۆش و حیجابی لەسەر لاچوو، بەڵام بۆ تۆمەتەکەی‌تر حوکمی ٥ مانگ زیندان و ٣٠ جار لێدانی قامچیی بۆ بڕایەوە.

فاتمە داوەند لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و لە گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوودا (نۆڤامبری ٢٠٢١) دوای قبووڵکردنی داواکارییەکەی بۆ ئازادبوونی مەرجدار، لە زیندان ئازاد کرا و دوای مانگێک ئێرانی بەرەو تورکیا بەجێ هێشت. ناوبراو یەک لە شایەتحاڵەکانی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی گەڵاڕێزان بوو کە بە دەسپێشخەریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٠ (نۆڤامبری ٢٠٢١) لە لەندەن بەڕێوە چوو.