بێهزاد خەسرەوی، پەناخوازی سیاسیی کورد و لە ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە لەم ساڵانەی دواییدا دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوو، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سلێمانی دەستبەسەر کرا و لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕادەستی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتەوە.

بنەماڵەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستانەوە لەگەڵ برایەکی بێهزاد خەسرەویدا، ئاگادار بوونەتەوە کە کوڕەکەیان ڕادەستی ئێران کراوەتەوە و لە دەستبەسەرگەی ئەو دەزگا ئەمنییەدا لە سنە دەستبەسەرە.

بێگەرد خەسرەوی، خوشکی بێهزاد خەسرەوی، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی براکەی، وتی: «بنەماڵەکەمان لە ساڵی ٢٠١٤وە لە هەرێمی کوردستان دەژین و بێهزادیش لە ساڵی ٢٠١٧وە بوو بە بە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران. ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ (١٤ی ئاگۆست) لە لایەن ئاسایشی گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییەوە بانگهێشت کرا. بێهزاد کرێکار بوو و چونکوو ئەو ڕۆژە نەیدەتوانی کارەکەی بەجێ بهێڵێت، ڕۆژی دواتر سەردانی ئاسایشی کرد و چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کرا. هاوکات لە ئاسایشەوە پێوەندییان بە ئێمەوە کرد تاکوو مۆبایلەکەی بێهزادیان بۆ بەرین، دوای ئەوەی مۆبایلەکەمان پێ دان بە زۆر پاسوۆردەکەیان لە خودی بێهزاد وەرگرتبوو و دواجار پاش چەند کاتژمێرێک بە دانانی کەفالەت ئازادیان کرد».

بە وتەی بێگەرد خەسرەوی، براکەی «کەسێکی سادە بووە و هیچ ئازارێکی بۆ هیچ کەس نەبووە» و چونکوو لە بێتاوانیی خۆی دڵنیا بوو، سێ ڕۆژ دواتر واتە ٢٨ی گەلاوێژ (١٨ی ئاگۆست) بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکەی سەردانی ئاسایشی کرد و ئیتر لەو کاتەوە بنەماڵەکەی هیچ ئاگایان لە چارەنووسی نەما: «ئێمە چەندین جار سەردانی ئاسایشمان کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونمان لەسەر چارەنووسی براکەم وەرنەگرت. دواجار لە ڕێکەوتی ١١ی خەرماناندا (١ی سێپتامبەر) من و دایکم بانگ کراینە ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان بێڕێزی و هەڕەشەیان لێ کردین. ئەوان وتیان کە بێهزاد گوازراوەتەوە بۆ زیندان و ئاگایان لە چارەنووسی نییە. هەروەها پێیان ڕاگەیاندین کە تا ١٠ ڕۆژی دیکە دەبێ پارێزگای سلێمانی بەجێ بێڵین و ئەگەر وا نەکەین ڕادەستی ئێران دەکرێینەوە. بێڕێزی و هەڕەشەکانیان ئەوەندە زۆر بوو کە دایکم هەر لەوێ تووشی شۆکی دەروونی بوو».

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕادەستکردنەوەی ئەم پەناخوازە سیاسییە کوردە بە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە «كەیسی بێهزاد خەسرەوی پەیوەندیی بە كاری سیاسییەوە نییە و مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان نەبووە، هەربۆیە لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران».

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی کارتی نیشتەجێبوون و نامەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نوسخەیەکی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بێهزاد خەسرەوی تا ١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٤ مۆڵەتی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان هەیە و وەکوو پەناخوازێکی سیاسی لە لایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناوی تۆمار کراوە.

هەروەها حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بێهزاد خەسرەوی ئەندامی ئەو حیزبە بووە و لە لایەن دەزگای ئاسایشی شاری سلێمانییەوە ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. ئەم حیزبە جەختی کردووەتەوە کە لە ڕێگای دەزگای دادی هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکات.

ساڵی ڕابردوو کاربەدەستانی هەردوو دەوڵەتی ئێران و ئێراق ڕایانگەیاند کە رێکەوتننامەیەکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆ کردوە. ئەگەرچی زانیاریی ورد لەسەر ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لەم مانگانەی دواییدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی ئەم ڕێکەوتنە، کەمپەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی دەوڵەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان چۆڵ دەکرێن و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم حیزبانە و چالاکانی سیاسیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان ڕادەستی ئێران دەکرێنەوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێکەوتنە ئەمنییە و لەم ڕۆژانەی دواییدا، بەشێک لە هێزەکانی هەرسێ لایەنی کۆمەڵە -ڕێکخراوەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان- کە لە زیاتر لە سی ساڵ لەمەوپێشەوە لە ناوچەکانی «زڕگوێز»، «زڕگوێزەڵە» و «بانەگەورە» لە نزیک شاری سلێمانی جێگیر نبوون، لەژێر چاودێریی هێزە دەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستاندا گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە ناوچەی سوورداشی ئەم پارێزگایە.