تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ٢ی پووشپه‌ری ٢٧١٩: سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی ئێران بە نزویكبوونه‌وه‌ گەیشتنی هاوین، بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەبوونی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد، بە سازکردنی رێگا و بان و هەروەها سازکردنی ناوەندی نیزامی تازە و هەروەتر تۆپبارانی دارستان و کوێستانەکان لە ناوچە سنوورییەکان درێژە بە سیاسەتی لە ناوبردن و تێکدانی ژینگەی کورستان دەدات.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سپای پاسداران بۆ سازکردنی رێگا و بان لە شوێنی بنکە سەربازییەکان لە ناوچەی پاڕاستراوی کۆساڵان، بەشێکی بەرفراوانی لە دارستانەکانی سەروئاوای ئاگر داون و لە ناوی بردوون. وێڕای راگەیاندنی مەترسی ئەو کارە لە لایەن چالاکانی ژینگەپارێزەوە، هێشتا دەستی هەڵنگرتووە لە درێژەدانی سازکردنی رێگا لەو ناوچەیە.

پێشتر “کۆمەڵەی کەسکی چیای مەریوان” کە لە گۆڕەپانی پاراستنی ژینگەدا چالاکە لە هەمبەر ساز کردنی ئەو رێگایە و لە ناوچوونی بەرفراوانی دارستانەکانی سەروئاوا ئاگاداری دابوون.

هەروەها سەرچاوەکانی ئاگادار لە ناوچەکە ڕادەگەینن کە دوای هاتنی فەرماندەی هێزی پیادەی سپای پاسداران بۆ چیای شاهۆ، ئەو هێزانه لە هەوڵی سازکردنی بنکەیێکی سەربازی تازە لە بەرزاییەکانی شاهۆ دان، کە وەک ساڵەکانی ڕابردوو دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەرچی زیاتری سروشتی ناوچەکە.

سپای پاسداران لە ساڵی ٨٧  تاکوو ئێستا دەستی بە درووست کردنی لانیکەم ٦ بنکەی سەربازی لە بەرزایی و داوێنی چیای شاهۆ کردون و هەموو ساڵێک بە بیانووی بوونی هێزەکانی سەر بە پارتەکانی ئۆپۆزێسیۆنی کورد لە رێگای ئەو بنکە سەربازییانەوە دەستی بە تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی شاهۆ دەکات و بەشێکی هەرە زۆری ئەو ناوچەیە تووشی ئاگر کەوتن دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتگەلێ کە ناردراون لە ناوچەی شلێری مەریوان، سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە ٢٨ی جۆزەردان هێزەکانی سپای پاسداران لە دەڤەری گۆندی “نێی” شاری مەریوان دەستیان بە تۆپبارانی دارستانی بەڕووی بەرزاییەکانی “میراجی” داون کە لە ئاکامی ئەو تۆپبارانەدا بەشێکی هەرە فراوانی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.

سپای پاسداران سەرەتا بۆ چەند کاتژمێرێک ڕێگەی بە چوونی ژینگەپارێزان یان چالاکانی ژینگە بۆ کوژاندەوەی ئاگرەکە نەدا.

شایانی باسە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە دوای بەڕێوەچوونی “مانۆڕی ئەمنییەتی مۆحەڕەمی ٢” لە ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ، بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیه لە ئاکامی تۆپباران و بۆردومانی هێزەکانی سپا تووشی ئاگر کەوتنه بوو.

دوای بڵاو بوونەوەی چەندین ڕاپۆرت لە لایەن تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو مانۆڕە نیزامی – ئەمنیەتییە لە ناوچەی پاراستراوی شاهۆ، فەرماندەی سپای بەیتۆلمۆقەدەسی کوردستان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاگر کەوتنەوە لە چیاکانی شاهۆی بە درۆی میدییاکانی دژ بە نیزام ناودێر کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ناوچەیە بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕی ئەمنییەتی مۆحەڕەم لە کامیاران ( ناوچەی شاهۆ) هەڵبژێردرابوو هیچ چەشنە گیایێکی لێ نییە و تەنیا بەرد و تاشە بەرده.

درێژەدانی لە ناوبردنی بەرفراوانی ژینگەی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە: