سوپای پاسداران بۆ دووەم ڕۆژ درێژەی بە تۆپبارانکردنی کوێستانی شاهۆ لە نزیک گوندەکانی «تەنگیوەر» و «پاڵنگان»ی شاری کامێرانی پارێزگای کوردستان داوە و ئەمەیش بووەتە هۆی شێواندنی بەشێکی گەورە لە ژینگەی ئەم ناوچە کوێستانییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری گوندەکانی «تەنگیوەر» و «پاڵنگان»ی کامێران لە داوێنی کوێستانی شاهۆ جێگیر کران و بە چڕی و بەردەوام تۆپبارانی ئەم ناوچە کوێستانییە پارێزراوە دەکەن.

بە وتەی خەڵکی ئەو گوندانە، لە ڕۆژی ڕابردووەوە سوپای پاسداران بە بیانووی بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازییەوە هاتوچۆی خەڵکی بۆ ئەو ناوچە کوێستانییە قەدەغە کردووە.

دەوترێت دوابەدوای لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد، پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار، سوپای پاسداران دەیهەوێ لە ڕێگای ئەم مانۆڕە سەربازییەوە کەشی ترساندن و تۆقاندن بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بکات.

بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێز، لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگەیان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز، ڕووبەرێکی بەربڵاوی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی دروستکردنی سەربازگە و ڕاکێشانی جادەدا بۆ ناوەندە سەربازییەکان تێک دراوە. هەروەها ئەم هێزانە هەموو ساڵێک بە ئەنقەست ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری سەربازگەکان بەر دەدەن و دەیسووتێنن، ئەوەیش لەژێر ناوی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دار و دەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەت».

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.