ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان (١٠ی سێپتامبەر) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە باخێکی گوندی «نەچێ»ی مەریوان و زیاتر لە ٢٥ ئەندامی ئەم ئەنجومەنەیان دەستبەسەر کرد. زۆربەی دەستبەسەرکراوان شەوی ڕابردوو بە بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کران بەڵام ٣ ئەندامی ئەم دامەزراوە ژینگەپارێزە بە ناوەکانی مادێح خۆشنەواز، کاوە داستان و کاوە کەریمیان هێشتا هەر دەستبەسەرن و ئازاد نەکراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەوی ڕابردوو دەستبەسەرکراوان گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای مەریوان و دوای هەوڵ و بەدواداچوونی چالاکانی مەدەنیی مەریوان، زۆربەی ئەم ژینگەپارێزانە بە بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون.

شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە باخێکی گوندی «نەچێ»ی مەریواندا کەوتە بەر هێرشی هێزی هاوبەش و هەماهەنگی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پۆلیسی ئینتیزامیی مەریوانەوە و لانیکەم ٢٥ ئەندامی ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کران. هێزە ئەمنییەکان هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر هەموو کەلوپەلی کەسیی بەشداربوان بەتایبەت مۆبایلەکانیاندا و ئامادە نین کەلوپەلەکانیان پێ بدەنەوە.

کەمال کۆنه‌پۆشی، لوقمان کۆنه‌پۆشی، سالار ئازەری، مادێح خۆشنەواز، عەبدوڵڵا بڵواسی، کاوه کەریمیان، شاهۆ تلووعی، مادێح هیممەت بوڵەند، ناسێح هیممەت بوڵەند، فەرهاد مەولوودی، سیروان مەلاڕەحیم، محەممەد ئەفسەر، هیوا بابایی، عەلی عینایەت، کاوه داستان و جەمال قادری لە ڕیزی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی چیادان کە دوێشەو دەستبەسەر کران.

ئەنجومەنی سەوزی چیا وەکوو دامەزراوەیەکی خەڵکی بە تێڕوانینی ژینگەپارێزییەوە ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) لە مەریوان دامەزراوە. «فێرکاری و پێشکەشکردنی گەڵاڵەی هاوتەریب لەگەڵ ئامانجی ژینگەپارێزانەدا و…» وەک ئامانجەکانی ئەم ئەنجومەنە ڕاگەیەنراوە.