شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانیی تەواوی خۆی لە داواکارییەکەی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ ئازادکردنی ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی ئەم دامەزراوە ژینگەپارێزە ڕاگەیاند.

ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبەر) شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان کە دامەزراوە مەدەنییەکانی ئەو شارە لە خۆ دەگرێت، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بە «هێرشکردی هێزە ئەمنی و چەکدارەکان بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕاگۆڕینەوەی ئەنجومەنی سەوزی چیا» لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرماناندا (١٠ی سێپتامبەر) و «دەستبەسەرکردنی نایاسایی و بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەن»، ڕایگەیاندووە کە «بە توندی ئەم هەنگاوە کە نایاسایی و دوورە لە بنەما ئەخلاقییەکان، شەرمەزار دەکەین و لە دامودەزگا ئەمنی و جەکدارەکان داوا دەکەین واز لە دروستکردنی ململانێ و ئاژاوە لە بەستێنی گشتیی کۆمەڵگادا بهێنن».

ئەم شۆرایە لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە دەوری ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە زیندووبووڕاگرتنی فەزای سیاسی-کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕایگەیاندووە کە لێکەوتەی هەڵسوکەوتی نەگونجاوی دامودەزگا ئەمنییەکان بووەتە مایەی نیگەرانی و ناڕەزایی و داوای ئازادکردنی هەموو ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنی سەوزی چیای کردووە.

شۆرای ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان هەروەها لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە: «بە توندی ئەم هەنگاوە کە نایاسایی و دوورە لە بنەما ئەخلاقییەکان، شەرمەزار دەکەین و لە دامودەزگا ئەمنی و جەکدارەکان داوا دەکەین واز لە دروستکردنی ململانێ و ئاژاوە لە بەستێنی گشتیی کۆمەڵگادا بێنن. ئەنجومەنە مەدەنییەکانی مەریوان لە هەر بەستێن و بوارێکدا کە کاریان کردبێت، لەسەر بنەمای هەوڵی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی خۆیان متمانەی خەڵکیان وەرگرتووە و ئەگەر ئەم ڕەوتە نایاسایی و توندوتیژکارانەیەی دامودەزگا ئەمنییەکان دووپات بێتەوە، بێگومان پەرچەکرداری جەماوەریی بەدواوە دەبێت».

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان (١٩ی سێپتامبەر) لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو: «بەپێی ئامانج و نەریتی ساڵانەی ئەنجومەن، هەموو ساڵێک دوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٣ی خەرمانان، ساڵیادی شەهیدانی ڕاستەقینەی ژیان، وەک ڕێزگرتنێک لە هەوڵی بێوچانی ئەندامانی ئەنجومەن لە بەرەوپێشبردنی ئامانج و گەڵاڵەکاندا، بەتایبەت ئەو ئەندامانەی لە کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکاندا بەشدراییان کردووە، ڕێوڕەسمێکی ناوخۆیی بە ئامادەبوونی ئەندامان بەڕێوە دەبات. ئەمساڵیش کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرماناندا (١٠ی سێپتامبەر) لە باخی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەن لە حاڵی بەڕێوەچووندا بوو کە لەوپەڕی سەرسووڕماندا، نزیک کاتژمێر ٢١ کەوتە بەر هێرشی بەربڵاو و نایاسایی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانەوە».

ئەم ئەنجومەنە لە درێژەدا زیادی کردووە: «بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە مۆڵەتێکی یاسایی، دوور لە هەرچەشنە بنەما و پرەنسیبێکی دادوەری و یاسایی و ڕەچاوکردنی کەرامەتی مرۆیی و مافە ڕەواکانی هاووڵاتیان، ٢٨ کەس لە بەشداربوانیان دەستبەسەر کرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە مۆبایلەکانی ئەنداماندا و ٣٦ ژمارەی ئۆتۆمبیلی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیاین لێ کەندەوە کە دوای ٥ کاتژمێر دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە لە دەستگیرکراوان، نزیک کاتژمێر ٢ی بەرەبەیان، ٢٥ کەسیان ئازاد کران بەڵام مۆبایلەکان و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانیان پێ نەدانەوە، ٣ ئەندامیش بە ناوەکانی کاوە کەریمیان، مادێح خۆشنەواز و کاوە دەستان هەر لە بەنددا مانەوە».

ئەنجومەنی چیا سەبارەت بە دەرئەنجامی بەدواداچوونەکانیان وتوویەتی: «ئەنجومەنی سەوزی چیا لەسەر بنەمای ئەرکی ڕێکخراوەیی، یاسایی و ئەخلاقیی خۆی لە ئاست بەرگریکردن لە کەسایەتیی یاسایی و کەسیی ئەنجومەن و ئەندامەکانیدا، وێرای بەشداریکردن لە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندار (قایممقام)ی مەریوان و ئیدارەی ئیتلاعاتدا و وەرگرتنی بەڵێنی بەردەوام و هەندێ جار بێئەنجام لە لایەن ئەو بەرپرسانەوە سەبارەت بە ئازادکردنی هەموو ئەندامانی بەندکراو، بەڵام هێشتا هەندێ لە مۆبایلەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان نەکراوەتەوە. تەنانەت دوو مۆبایلی «بەشی پێوەندییە گشتییەکان» و «کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان»ی ئەنجومەنی سەوزی چیا کە لە کەرەستە پێوەستەکانی ئەمجومەنن بۆ بەرەنگاربوونەوە و هەماهەنگیکردن لە کاتی ڕووداوەکاندا، هێشتا هەر لای هێزە ئەمنییەکانە… مایەی خۆشحاڵییە کە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبەر) کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ یەک لە ئەندامانی دەستبەسەرکراو بە ناوی کاوە دەستان ئازاد کرا، بەڵام هێشتا دوو کەسی تر هەر لە لای هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەرن و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی ئەم ئەنجومەنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دەزگای دەستبەسەرکەر و شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نەکەوتووە».

ئەنجومەنی سەوزی چیا وەکوو دامەزراوەیەکی خەڵکی و مەدەنی بە تێڕوانینی ژینگەپارێزییەوە ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) لە مەریوان دامەزراوە. «فێرکاری و پێشکەشکردنی گەڵاڵەی هاوتەریب لەگەڵ ئامانجی ژینگەپارێزانەدا و…» وەک ئامانجەکانی ئەم ئەنجومەنە ڕاگەیەنراوە.