هێزەکانی سوپای پاسداران لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستیان داوەتە گوللەبارانکردنی هەندێ بەشی کوێستانی شاهۆ لە دەوروبەری گوندی «لۆنی سادات»ی کامێران و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەنگی تەقە لەم ناوچە شاخاوییەوە دەبیسرێت. سوپای پاسداران هەروەها هاتوچۆکردنی هاووڵاتیانی بۆ ئەم کوێستانە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ قەدەغە کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار (٧ی ژانڤییە) هێزەکانی سوپای پاسداران لە گوندی «لۆنی سادات»ی کامێران ڕایانگەیاندووە کە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ کەس بۆی نییە هاتوچۆی کوێستانی شاهۆ بکات. هاوکات کاروانێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی شاخاویی «چاڵاوە»ی چیای شاهۆ جێگیر کراون و لە سەربازگەکانی ئەم ناوچەیەوە بە دۆشکە هەندێ شوێنی دەوروبەریان گوللەباران کردووە.

تا ئەم ساتە دەرنەکەوتووە کە ئەم گوللەبارانە لە ئەنجامی تێکهەلچوونێکی سەربازیدا بووە یان سوپای پاسداران مانۆڕی سەربازیی بەڕەوە بردووە.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێز، هێزەکانی سوپای پاسداران لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگەیان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز، ڕووبەرێکی بەربڵاوی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی دروستکردنی سەربازگە و ڕاکێشانی جادەدا بۆ ناوەندە سەربازییەکان تێک دراوە. هەروەها ئەم هێزانە بە ئەنقەست ئاگریان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری سەربازگەکان بەر داوە، ئەوەیش لەژێر ناوی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دار و دەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەت».