عیرفان رەشیدی، ژینگەپارێزی كورد و خەڵکی پاوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی  ساڵێک بەندکرانی به‌سه‌ردا سه‌پا و هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵيش مۆڵەتی سەفەركردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ زەوتکرا.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم سزایانە لە سەرەتای مانگی خەرمانان/ مانگی هەشتی زایینی، لەلایەن دادوەر “تاری وەردی” بەرپرسی لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی پاوەوە دەرچوون.
عیرفان رەشیدی لە کاتی لێپرسینەوە و لە دانیشتنی دادگاداشدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی درابوویە پاڵی رەتیکردبوونەوە.
هێزە ئەمنییەکان شەوی ١٤ی پوشپەڕی ساڵی رابردوو/ 2018.07.05 بە بێ مۆڵەتی دەزگای دادوەری هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و وێڕای ئەوەی سەرجەم کەڵ و پەلەکانی دەپشکنن، دەستبەسەری دەکەن و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەیگوازنەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژیوا” پاش هەشت رۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
عیرفان رەشیدی چالاکوانێكی ناسراوی بواری ژینگەیە و لە ساڵانی رابردوو رۆڵێکی بەرچاوی بووە لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی هەورامان.
هەروەها ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان بۆ ماوەی چەندین مانگ یارمەتی خەڵکە لێقەوماوەکەی سەرپێڵی زەهاو و دەوروپشتی لە کەمپەکاندا داوە.