بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان کە لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا دەستبەسەر و دوای حەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکران و ٨ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەبێ ڕەچاوکردنی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆی، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشاندا و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بانگەوازەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی جەماوەری لە ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، بەڕێوە چوو و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

بەهمەن نادری ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە سەروبەندی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە هەروەها ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢یش (٢٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان، لەبەر بڵاوکردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە و دوای چەند کاتژمێرێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.