لە رۆژانی رابردوودا سپای پاسداران بە بیانوی بەڕێوەبردنی مانۆری سەربازی دەستی کردووە بە گواستنەوەی چەک و چۆڵی سوک و قورس لە شاری کرماشانەوە بەرەو شارەکانی روانسەر، کامێران، سەوڵاوا و مەریوان. ئەمەش نیگەرانی چالاکانی بواری ژینگەی لێکەوتۆتەوە و هۆشداریشیان داوە کە کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ناوچەی تایبەت و پارێزراو ناسراون و هەر جۆرە مانۆڕێکی سەربازی لەم ناوچانە نایاساییە.
یەکێک لە چالاکانی ژینگە لە وتووێژێکدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: ” هەموو ساڵێک و لە هەفتەی سەرەتای مانگی رەزبەر کە وەکوو هەفتەی پارێزگاریی پیروز (دفاع مقدس) ناوی لێدەبرێت، هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی بوونی هێزی حیزبە کوردییەکان لە کوێستانەکانی شاهۆ و کۆساڵان دەست دەکەن بە بەڕێوە بردنی مانۆری سەربازی. ساڵانە بەشێکی بەرچاوی ئەم ناوچانە بە هۆی تۆپبارانی سپاوە ئاگر دەگرێت.”
ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان بە پانایی ۵۷،۲۳۶ هێکتار دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، روانسەر، پاوە، مەریوان و کامیاران و لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستاندا هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە بە پێی پەسندکراوی ژمارە ۳۰۳ ئەنجومەنی باڵای ژینگە (کۆمسیۆنی ژێرخانی دەوڵەت) وەکوو ناوچەی پارێزراو ناسراوە و سەر بە بەڕێوەبەریی رێکخراوی پارێزگاریی ژینگەیە لە ئێراندا.
ئەم چالاکەی ژینگە کە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی سپاوە بانگکراوە و هەرەشەی لێکراوە لە درێژەدا گوتی: “هێزەکانی سپای پاسداران لە رۆژانی رابردوودا لە ئاواییەکانی داوێنی شاهۆ لە شاری کامێران هاتووچۆی هاووڵاتیانیان قەدەغە کردووە و چەکی قورسی سەربازیان لە دەوروپشتی کوێستانی شاهۆ لە شارەکانی کامیاران، روانسەر و پاوە جێگیر کردووە بۆ ئەوەی ناوچەکەی پێ تۆپباران بکەن.”
بە وتەی ئەم چالاکەی کورد، رۆژی رابردوو لە میانەی مانۆڕەکەی سپادا بەشێکی بەرچاوی دارستان و لەوەڕگەی ئاواییەکانی لون سادات و تەنگی سەر ئاگری گرتووە و هێزەکانی سپا بە بیانوی مانۆڕی سەربازییەوە رێگەنادەن خەڵک هەوڵ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بدەن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو لە چەندین راپۆرتدا باسی لە تێکدان و ئاگرتێبەردانی شاهۆ لەلایەن سپاوە کردبوو کە لە ژێر ناوی مانۆری ئەمنی موحەرەمی دوو بەڕێوەچوو بوو.
ئەم چالاکەی ژینگە لە کۆتاییشدا وتی، لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییەوە/ ٢٠٠٧ هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانوی ئەوەیکە هێزی حیزبە کوردییەکان لەم ناوچانە بوونیان هەیە، دەستیان داوەتە کردنەوەی بنکەی سەربازیی لە ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان. سەرەڕای ناڕەزایەتی چالاکانی ژینگە، بەشێکی بەرچاو لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچانە لە ئاکامی جادە لێدان و کردنەوەی ناوەندە سەربازییەکان لە ناو چوون. هەروەها سپای پاسداران لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیەی بە ئەنقەست سوتاندووە بە بیانوی ئەوەیکە نەکا هێزە کوردییەکان خۆیانی تێدا حەشار بدەن.
ساڵی رابردوو پاش بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرت لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە سەبارەت بە مانۆڕی ئەمنی موحەرەمی دوو لە ناوچەی پارێزراوی شاهۆ، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی کوردستان رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لەلایەن میدیای نەیارانەوە دەکرێت و ئەو ناوچانەی بۆ مانۆری ئەمنی موحەرەمی دوو هەڵبژێراروە گژ و گیای لێ نییە و شوێنێکی بەردەڵان و شاخاوییە.
وتەکانی ئەم فەرماندەیەی سپا لە کاتێکدا بوو کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پشتی بەستبوو بە کۆمەڵێک وێنەوە کە تەنانەت لەلایەن میدیاکانی خودی کۆماری ئیسلامیشەوە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی بەشێک لە کوێستانی شاهۆ بڵاوببوویەوە.
هۆشداریی چالاکانی ژینگە سەبارەت بە لێکەوتەکانی مانۆڕی سپا لە شاهۆ و کۆساڵان

ڕاپۆرتی ساڵانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ـ ١٤٠٣ی هەتاوی
ڕاپپۆرتی ساڵی ١٤٠٣ کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای مردنی ئیبراهیم ڕەییسی، سەرکۆماری پێشووی ئێران و لە ئەندامانی «لیژنەی مەرگ» بۆ بەکۆمەڵکوشتنی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی...
زیاتر بخوێنەوەبەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئازەربایجان و کوردستان: بەرەنگاری شەڕنانەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ ببینەوە
ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٨ی مارسی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی نەورۆزەوە لە لایەن هاووڵاتیانی کوردی ورمێوە لەم شارەدا بەڕێوە چوو. لەم ڕێوڕەسمەدا دەیان هەزار...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی
دۆسیەی مێحراب عەبدوڵڵازاده، زیندانیی سیاسیی ٢٦ ساڵانی سزادراو بە لەسێدارەدان و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، دوای تانەدان لە بڕیارەکەی دادگای یەکەم بۆ...
زیاتر بخوێنەوە