له درێژه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ناوچه‌ی دارستانی «بۆزین» و «مه‌ره‌خیڵ»ی شاری پاوەی پارێزگای كرماشان كه له چه‌ند ڕۆژ لەمەوپێشەوە کڵپەی سەندووە و هێشتا هەر به‌رده‌وامه، «موختار خه‌ندانی»، له ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی «ژیوای»پاوه، «یاسین كه‌ریمی»، ئەندامی کۆمیتەی چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنە و «بیلال ئه‌مینی» له خۆبه‌خشانی مەدەنی كه وەک گرووپی چالاكی ئاگرکوژاندنەوە ڕۆشتبوونە ناوچه‌كە، له كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگردا گیانیان له‌ده‌ست دا.
یه‌كێك له چالاكانی ژێنگه‌پارێزی شاری پاوه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو بۆ دووهه‌مین جار له ڕۆژانی ڕابردوودا، چه‌ندین به‌شی ناوچه‌ی چاودێریكراوی “بۆزین و مه‌ره‌خێڵ” له شاری پاوه، تووشی ئاگركه‌وتنه‌وه بوون، هەر بۆیە ئه‌نجومه‌نی ژیوای پاوه دوای ئاگادربوونەوە له‌م ڕووداوە دوو گرووپی چالاكی بە مەبەستی بەگژاچوونەوەی ئاگرەکە ڕەوانەی ئەم ناوچانە کرد كه پێک هاتبوون له ئه‌ندامانی ئەنجومەن و هێزه خه‌ڵكییه خۆبه‌خشه‌كان».
به‌وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه، ئاگره‌كه به‌شێكی زۆری ناوچەکەی گرتبۆوە و گروپێكی چالاك به سه‌رپه‌ر‌ستیی موختار خه‌ندانی، بە هاوڕێیەتیی یاسین كه‌ریمی و بیلال ئه‌مینی، کاتێ هەوڵی كونترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌یان دەدا تووشی خنكان بوون و به‌داخه‌وه له ناو ئاگرەکەدا سووتان.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه، هێزه‌كانی سپای پاسدارنی ئینقلابی ئیسلامیی بە هۆکاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه له قه‌ڵه‌م دا و له درێژه‌دا وتی: «تەنیا سپا بۆی هەیە ئیزنی هاتوچۆكردنی ئه‌م ناوچه‌یە بدات و جگه له هێزه‌كانی سپا و هێزی پاسەوانی سنوور هیچ كه‌سێك ئیجازی هاتوچۆکردنی نییه، هه‌روه‌ها ڕۆژی پێنجشه‌ممه كه بۆ یه‌كه‌م جار لەم ناوچەیەدا ئاگر كه‌وته‌وە، دوای دوو رۆژ به هه‌وڵێكی به‌رفراوانی ئه‌ندامانی ژیوای پاوه و خه‌ڵكی ناوچه‌كه ئاگره‌كه كۆنترۆل كرا. بەڵام هێزه خه‌ڵكییه‌كان زانیاریی وردیان بەدەست هێنابوو كه هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چالاكییه سەربازییه‌كانی هێزه‌كانی سپای پاسداران بووه».

ئه‌م چالاكه ژینگه‌پارێزه له‌درێژه‌دا ئاماژەی بە گوشاره‌كانی سپای پاسدارانی بۆ سەر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ژیوای پاوه كرد و وتی: «له ده‌سپێكی په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئه‌نجومه‌نی ژیوای بە ئاگاداركردنه‌وه، خاوێنكردنه‌وه و گەنبڕکردنی شاری پاوه و گونده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه هەوڵی داوە بەر بە تەشەنەسەندنی ئەم پەتایە بگرێت، به‌ڵام هه‌موو جارێك به‌رپرسانی سپای پاسدراران به ڕێگریكردن له‌م چالاكییانه هەوڵیان دەدا خۆیان جڵەوی کارەکە بگرنە دەست و هەموو چالاکی و یارمه‌تییه‌كانی خه‌ڵك كۆ بكرێته‌وه و له‌ژێر كۆنتڕۆڵ و به‌رپرسایه‌تیی ئه‌واندا بێت. به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، به تایبه‌ت كاك موختار خه‌ندانی کە یه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌رانی ژیوای، تەسلیمی گوشاره‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه سەربازی-ئه‌منیه‌تییه نەبوون».
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوودا سپای پاسدارن بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی ناوچە ئاگرتێبەردراوەکانی هه‌ورامان و شاهۆ، لە ڕێی درۆنەوە بەردەوام فیلمیان لە ناوچەکە هەڵگرتووە، به‌ڵام بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگره‌كه ئامادە نەبوون هیچ هاوكارییه‌ك بکەن.
موختار خه‌ندانی له چالاكانی خۆشناوی ناوچه‌ی هه‌ورامان بوو و له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا وێڕای چالاكیی ژینگه‌پارێزی، لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵی كوشتنی كۆڵبه‌ران و دۆخی منداڵانی كاریشدا چالاکیی نواندووە.
شه‌وی ڕابردوو به ئاماده‌بوونی ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی خه‌ڵكی پاوه، ته‌رمی ناوبراو له‌گه‌ڵ تەرمەکانی یاسین كه‌ریمی و بیلال ئه‌مینیدا ڕەوانەی شوێنی له‌دایكبوونیان له نه‌وسوو، شمشێر و سه‌ریاس کرا تاکوو لەوێ بە خاک بسپێررێن. ده‌گوترێ سپای پاسداران پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی ژیوای و ڕێكخراوه مه‌دنییه‌كانی‌تری شاری پاوه‌دا گرتووه و هەڕەشەی کردووە کە جیا لە ڕێوڕەسمی ئاسایی بنەماڵەکانیان، نابێ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی گشتی و جەماوەری بۆ ئەو گیانبه‌ختكردووانه بەڕێوە بچێت.