بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ڕابردوو دەستەیەک لە هێزە خۆجێییەکانی سپای پاسداران بە هاوکاریی یەکینە تایبەتەکانی سابرین و بە بیانووی بوونی ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە ناوچەکانی دەوروبەری گوندەکانی «سوورەتوو» و «دزەون»ی سەوڵاوای پارێزگای کوردستان، ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و تۆپبارانی باخەکانی ئەو ناوچەیان کردووە. دەوترێت بە هۆی ئەم تۆپبارانەوە چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە و تەرمەکانیان براوەتە مقەڕی سپای پاسدارانی سەوڵاوا. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو کوژراوانە بەردەست نەکەوتووە. هاوکات دوای ئەم تۆپبارانە ئاگر کەوتۆتەوە و بەشێک لە باخەکانی ناوچەکەیش سووتاوە.

سەبارەت بەم ڕووداوە، شایەتحاڵک بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی جۆزەردان( ١٥ی ژوئەن) نزیک کاتژمێر ١٥، دەستەیەک لە هێزە خۆجێییەکانی سپای پاسداران بە هاوکاریی یەکینە تایبەتەکانی سابرین گەمارۆی باخەکانی دەوروبەری گوندەکانی «سوورەتوو» و «دزەون»یان داوە و وێڕای قەدەغەکردنی هاتوچۆی خەڵک، تۆپبارانی و گوڵڵەبارانی ناوچەکەیان کردووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بە هۆی ئەم تۆپبارانەوە لە ڕووبەرێکی بەربڵاوی باخ و لەوەڕگەی خەڵکی ناوچەکەدا ئاگر کەوتۆتەوە و هێزەکانی سپا بەریان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە لایەن خەڵکەوە گرتووە.

ئەم سەرچاوەیە باسی ئەوەی کرد کە تا ئەمڕۆیش کەشێکی تەواو ئەمنی بەسەر ناوچەکەدا زاڵە و هێزێکی گەورەی سپای پاسداران لەوێ جێگیر کراوە، هەروەها لە درێژەدا وتی: «دەوترێت تەرمی چەندین کەس کە دیار نییە کێن و پێدەچێ ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بن، گوازراوەتەوە بۆ مقەڕی سپای سەوڵاوا».