بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) فارووق عەلیزادە، منداڵەکۆڵبەری ١٧ ساڵانی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی شاری سەردەشت، لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی سەرماوەز (٢٦ی نۆڤامبەر) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچەی سنووریی «هەنگەژاڵ»ی بانە لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەسڕێژیان لێ کرا کە لە ئەنجامدا فارووق عەلیزادە گوللەی ساچمە بەر سەری کەوت و دەسبەجێ گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا لانیکەم ٦ منداڵی کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون.