بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا پاش کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی «قەڵای مەریوان» بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست گوێنەدانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان بە بەردەوامبوونی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم ناوچەیە، لە بەردەم قایمقامییەت (فەرمانداری)ی ئەم شارە کۆ بوونەوە.

لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئەم دارستانانە کە دەکەونە دەوروبەری شاری مەریوان، زیاتر لە ١٧ جار بە ئەنقەست لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگریان تێ بەر دراوە.

ئەم ئاگرکەوتنەوانە هەمووجار بە هەوڵی ئەندامانی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوەی ئەنجومەنی سەوزی چیا کۆنترۆڵ کراون، بەڵام دامودەزگا دەوڵەتییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان هەڵنەگرتووە.